هۆكارەكانی توشبون بە شێرپەنجەی گەدە
 به‌روار‌  : 08-11-2018
 بینراوه‌  : 291

 
 
ئــــا/ نـــاز

 

شێرپەنجەی گەدە ڕوودەدات بەهۆی دروستبوونی گۆڕانكاری لە خانەكانی گەدە دا , گەرچی تائێستا بە تەواوی ڕوون نی یە كە بۆچی ئەو گۆڕانە لەو خانانەدا ڕوودەدات.
شێرپەنجەكە دەست پێدەكات بە دروستبوونی گۆڕانكاری لە پێكهاتەی (DNA) ی خانەكاندا, و ئەگەری هەیە كار لە چۆنێتی گەشەكردنی بكات, واتە وادەكات خانەكان گەشەدەكەن و دابەش دەبن بە شێوازێكی كۆنترۆڵ نەكراو , و بارستەیەك لە شانە پێكدەهێنن كەپێی دەوترێت (لوو –یاخوود تومۆر , یان گرێی شێرپەنجەیی).
ئەگەر چارەسەرنەكرا , ئەوا ئەگەری ئەوە هەیە شێرپەنجەكە بڵاوببێتەوە بە بەشەكانی تری جەستەدا, بەتایبەتی لیمفەكان.
 
هەرچەندە هۆكارەكان جۆراوجۆرن بۆ توشبوون بە شێرپەنجەی گەدە, بەڵام بەگشتی چەند هۆكارێك هەن كە مەترسی توشبوون زیاتر دەكەن.   
     
ئەوانیش بریتین لـــە:
 
1. تەمەن: مەترسی توشبوون بە شێرپەنجەی گەدە لەگەڵا هەڵكشانی تەمەندا زیاتر دەبێت, زۆرینەی حاڵەتەكان لە تەمەنی 55 ساڵی و بەرەو سەردا تۆمار كراون.
2. ڕەگەز: گەرچی هۆكارەكانی بە تەواوی نەزانراون , بەڵام پیاوان مەترسی توشبوونیان  بە شێرپەنجەی گەدە دووهێندەی خانمانە.
3. جگەرەكێشان: كەسانی جگەرەكێش مەترسی توشبوونیان بە شێرپەنجەی گەدە دوو ئەوەندەی كەسانێكی ترە كە جگەرە ناكێشن, ئەمەش بە هۆی ئەوەی جگەرە ماددەی كیمایی زیانبەخشی تێدایە كە خانەكانی گەدە تێكدەدەن و توشی مەترسی  و تێكچونیان دەكەن.
4. H. pylori : بەكتریایی (هیلیكۆباكتر پایلۆری) كە بە (H. pylori) ناسراوە, یەكێكە لە و حاڵەتە بڵاوانەی كە توشی زۆرینەی خەڵكی دەبێت , و لە هەندێك كەسدا دەبێتە هۆی توشبوون بە هەوكردن و هەروەها بە برینی گەدە.    توێژینەوەكان باس لەوە دەكەن كە ئەو كەسانەی توشی هەوكردنی گەدەی درێژخایان و قورس بوون مەترسی توشبوونیان بە شێرپەنجەی گەدە زیاترە لە كەسانی ئاسایی, گەرچی ئەو ئەگەری توشبوونە هێشتا بە بچوك ئەژمار دەكرێت.
5. خۆراك :  هەندێك جۆری خۆراك مەترسی توشبوون بە شێرپەنجەی گەدە زیاتر دەكەن, لەوانەش : پیاز, ماسی سوێر, خوێ , گۆشتی بەدووكەڵ ئامادەكراو و لێنراو, باسترمە, هەروەها خۆراكە چەورەكان و ئەوانەی گۆشتی سوور لە پێكهاتەیاندا هەیە .هەموو ئەمانە مەترسیدارن بۆ توشبوون بە شێرپەنجەی گەدە.
6. مێژووی خێزانی: بونی كەسێكی توشبوو لەخێزاندا , بەتایبەت كەسە نزیكەكان ,وەك دایك و باوك , و خوشك و برا, مەترسی توشبوون بە شێرپەنجەی گەدە زیاتر دەكات لە ئەندامەكانی تری ناو ئەو خێزانەدا.گەرچی تائیستا بڕوونی دیار نییە كە هۆكارەكە چی یە , بەڵام پسپۆڕان پێیان وایە كە ڕەنگە بەكاریگەری چەند هۆكارێك بێت , لەوانەش( پەیڕەوكردنی هەمان سیستمی خۆراكی لە لایەن ئەندامانی ئەو خێزانەوە, بونی بۆهێڵێكی دیاری كراو كە لە باوانەوە بگوێزرێتەوە بۆ نەوەكان, یاخود بوونی كەسانی توشبوو بە بەكتریای (H.Pylori) لە مێژووی ئەو خێزانەدا.
7. توشبوون بە جۆرێك لە جۆرەكانی تری شێرپەنجە: ئەو كەسانەی توشی جۆرێك لە شێرپەنجە بوون , ئەوا مەترسی توشبوونیشیان بە شێرپەنجەی گەدە زۆرترە. بۆنمونە لە پیاواندا, ئەوانەی توشی هەریەكێك لە شێرپەنجەی ( پرۆستات , مەمك, میزەڵدان) بوبن , ئەوا مەترسی توشبوونیان بە شێرپەنجەی گەدە زۆرترە.         وە لە خانماندا , ئەوانەی توشی  هەریەكێك لە شێرپەنجەی (هێلكەدان , مەمك , ملی منداڵدان ) بوبێتن , ئەوا مەترسی توشبوونیان بە شێرپەنجەی گەدە زۆرترە.
8. توشبوون بە چەند حاڵەتێكی ناتەندرستی: هەندێك حاڵەت و نەخۆشی هەن كە ئەگەر توشی كەسانێك ببن , ئەوا مەترسی توشبوونیان بە شێرپەنجەی گەدە زیاتر دەكەن. بۆنمونە, توشبوون بە حاڵەتی كەمخوێنی مەترسیدار , كە بەهۆی كەمبوونەوەی بڕی ڤایتامین B12 وە ڕووبدات , كە لەش توشی حاڵەتێك دەبێت كە ناتوانێت بڕی پێویست لەم ڤایتامینە هەڵبمژێت , و وەری بگرێت .  وە هەروەها توشبوون  بە نەخۆشی برینی گەدە, ئەمانە مەترسی توشبوونیان بە شێرپەنجەی گەدە زیاترە.
9. ئەنجامدانی نەشتەرگەری گەدە: كەسانێك كە نەشتەرگەری گەدەیان بۆ ئەنجام درابێت , بە تایبەت نەشتەرگەری لابردنی بەشێكی گەدە ,  ئەوا مەترسی توشبوونیان بە شێرپەنجەی گەدە لە كەسانی  ئاسایی زیاترە.
 
ئەمانە بەگشتی ئەو هۆكارانەبوون كە مەترسی ڕوودانی شێرپەنجەی گەدە زیاتر دەكەن , واتە لەگەڵ بوونی هەندێك یان هەموو ئەم هۆكارانه دا, ئەوا مەترسی توشبوون بە شێرپەنجەی گەدە ڕوودەدات.
 
بە هیوای تەندروستی بۆ هەمووان.
 
 


زیاتر ببینه

جۆرەكانی نەخۆشی شەكرە
 به‌روار‌  : 18-11-2018

ڕۆژی جیهانی نەخۆشی شەكرە
 به‌روار‌  : 15-11-2018

هەفتەی هۆشیاری
 به‌روار‌  : 14-11-2018

نیشانەكانی توشبوون بە شێرپەنجەی پەنكریاس
 به‌روار‌  : 13-11-2018

سه‌ره‌تا  |  کارمەندى نموونەیی  |  ده‌رباره‌  |  په‌یوه‌ندی
ژماره‌ی سه‌ردان : 288,122     میوان : 96
DESIGNED AND DEVELOPED BY KOD4IT -  COPYRIGHT © 2017 - 2018 BAXSHIN  ALL RIGHT RESERVED