پارێزگاری كردن لە پێست لە وەرزی زستاندا
 به‌روار‌  : 24-02-2019
 بینراوه‌  : 323

 
 
هەوای سارد و ووشكی زستان دەبێتە هۆی ووشكبوونەوە و سوورهەڵگەڕان و ڕووشانی پێست. بۆیە لەم وەرزەدا پێویستە زیاتر گرنگی بە تەندروستی پێست بدرێت. 
بە پەیڕەوكردنی چەند ڕێنماییەك دەتوانین بەرەنگاری گرفتە تەندروستیەكانی پێست ببینەوە كە لە وەرزی  زستاندا ڕووبەڕوویان دەبینەوە , لە نێویشیاندا ووشكبوونەوە ی پێست كە گرفتێكی سەرەكیە.
 
بۆیە پێویستە پەیڕەوی لەم ڕێنماییانە بكرێت: 
 
1. ڕاگرتنی هاوسەنگی پلەی گەرمی ماڵ و شوێنی كار:  پێویستە پلەی گەرمی ماڵ و ئۆفیسەكان هاوسەنگ بێت و نابێت زۆر گەرم بێت , چونكە دەبێتە هۆی ئەوەی كەشی ناو ژوورەكان ووشك بێت و بەمەش پێست دووچاری ووشكبوونەوە دەبێت. باشترین پلەیش بریتیە لـە(23-25) پلەی سەدە.
2. بەكارهێنانی ئامێری تایبەت بە شێداركردنەوەی هەوای ناو ماڵ:  ئەمەش جۆرەئامێرێكە تایبەتە بۆڕاگرتنی هاوسەنگی شێداری هەوا, و   دەبێتە هۆی هێشتنەوەی پێستمان بە شێداری.
3. بەكارهێنانی ئاوی شلەتێن( مام ناوەند) بۆ خۆشتن: چونكە ئاوی زۆر گەرم دەبێتە هۆی سووربوونەوە و كزانەوەی پێست, بۆیە پێویستە ئاوێك بەكاربهێنرێت بۆ خۆشتن كە پلەی گەرمییەكەی مام ناوەند بێت و بۆماوە كورتیش بێت ,نزیكەی (5-10) خولەك بەگشتی و بۆ دەست و ڕوخسار بەتایبەتی. 
4. بەكارهێنانی پاككەرەوەی گونجاو بۆ شوشتن: باشتر وایە بۆ خاوێنكردنەوەی لەش بە گشتی و ڕوخسار و دەستەكان بە تایبەتی , سود لەو جۆرە سابوون و شامپوویانە  وەربگیرێت كە سروشتی و بێ‌ بۆنن وە زیاتر ماددەی شێداركەرەوەیان تێدایە . 
5. دووركەوتنەوە لەو پاككەرەوانەی كە ماددەی حكولییان تێدایە: چونكە زیان بە پێست دەگەیەنن و دەبنە هۆی زیاتر ووشكبوونەوەی پێست و لەدەستدانی چەوری سروشتی پێست.
6. بەكارهێنانی كرێمی شێداركەرەوەی گونجاو : پێویستە بە بەردەوامی كرێمی شێداركەرەوە بۆ پێست بەكار بهێنرێت. بەتایبەتی بۆ پێستی دەم وچاو دەستەكان و بە تایبەتیتریش لە شەواندا, تا پێست لە ووشكبوونەوە بە دووربێت.
7. بەكارهێنانی دژەخۆر: هەندێك پێیان وایە كە دژەخۆر تەنها بۆ وەرزی هاوین بەكاردێت, بەڵام لە ڕاستیدا وانییە, و پێویستە لە هەموو وەرزەكاندا دژەخۆری تایبەت بەكاربهێنرێت ئەگەرچی كەش و هەوا هەور و باراناویش بێت پێست پێویستی بە دژەخۆری تایبەت هەیە.
8. بەكارهێنانی پۆشاكی گونجاو: پێویستە خۆ بەدووربگیرێت لە پۆشاكی خوری و زبر , بەتایبەت پۆشاكی ژێرەوە كەڕاستەخۆ بەرجەستەدەكەوێت, دەبێت نەرم بن و لە قوماشی لۆكە دروستكرابن . تا پێست توشی هەستیاری و ووشكبوونەوە نەبێت.
9. خواردنەوەی بڕی پێویست ئا و و شلەمەنیەكان : چونكە دەبنە هۆی ڕێگری كردن لە ووشكبوونەوەی پێست و یارمەتی شێداركردنەوەی پَست  دەدەن.
10. بەكارهێنانی خۆراكی تەندروست: بەتایبەتی ئەو خۆراكانەی بۆ پێست گرنگن و دەوڵەمەندن بە ئۆمێگا 3 و 6.
11. زوو خۆ گۆڕین لە كاتی تەڕبوونی پۆشاكەكاندا : ئەگەر پۆشاك بە كاریگەری باران  تەڕبوو , پێویستە زۆر خێرا لاببرێت و پۆشاكی ووشك و خاوێن بپۆشرێت . چونكە پۆشاكی تەڕ پێست توشی هەستیاری و خوران و ووشكبوونەوە دەبێت.
12. بەكارهێنانی سیرەمی  ڤایتامین سی و ترشی هایۆلۆرۆنیك  بە شێوارزی كرێمی تایبەت بۆ پێست بە گشتی و بۆ ڕوخسار و دەستەكان بە تایبەتی. وە پێویستە بەبەردەوامی بەكاربهێنرێن بە تایبەتی لە شەواندا.
 
بە پەیڕەوی كردنی ئەم ڕێنماییانە دەبیتە خاوەن پێستێكی تەندروست و لە سووربوونەوە و  ووشكبوونەوەی پێست ڕزگارت دەبێت.
 
بەڵام ئەگەر بە پەیڕەوكردنی ئەم خاڵانە كێشەی تەندروستی پێست چارەسەر نەبوو , ئەوا پێویستە سەردانی پزیشكی پسپۆڕی پێست بكرێت بۆ وەرگرتنی ڕێنمای و چارەسەری پزیشكی پێویست.
 
بە هیوای تەندروستی بۆ هەمووان.
 
                               دكتۆر / هەڵكەوت بابا ڕەسوڵ
                                          پسپۆڕی نەخۆشیەكانی پێست لە نەخۆشخانەی بەخشین 


زیاتر ببینه

هیمۆفیلیا چیە؟
 به‌روار‌  : 17-04-2019

نە خۆشی گیرانی خوێنبەرەکانی دڵ لە گەنجان دا
 به‌روار‌  : 12-04-2019

سكئێشە ی منداڵ - هۆكار و چارەسەر
 به‌روار‌  : 27-12-2018

خەمۆکی بکوژی بەختەوەری
 به‌روار‌  : 8/7/2018

سه‌ره‌تا  |  کارمەندى نموونەیی  |  ده‌رباره‌  |  په‌یوه‌ندی
ژماره‌ی سه‌ردان : 364,768     میوان : 36
DESIGNED AND DEVELOPED BY KOD4IT -  COPYRIGHT © 2017 - 2019 BAXSHIN  ALL RIGHT RESERVED