خۆگونجاندنی دەرونی لەگەل فشاری کۆرۆنا
 به‌روار‌  : 06-04-2020
 بینراوه‌  : 794
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

 

ھەر لەسەرەتای دروستبونەوە، مرۆڤ ڕوبەڕوی فشاری دەرونی بوەتەوە کە ھەندێکیان فشاری بچوکن و ئەگەری رودانیان زۆرە و ڕۆژانە یاخود جار و بار دووچارمان ئەبن وەک ناکۆکی لەگەڵ دەوروبەر، دواکەوتن لە کار، نەبوونی کارەبا، دواکەوتنی موچە، و .... ھتد، و ھەندێکیان فشاری توندن وەک لە دەستدانی کەسێکی نزیک، بوونی هەڕەشە لەسەر ژیان، ژینگەی شەڕ و پێکدادان، ھەواڵێکی ناخۆشی کتوپڕ یاخود ڕوبەڕوبونەوەی ڤایرۆسێکی کوشندەی وەک کۆرۆنا کەمەترسی لەسەر ژیانی خۆمان و کەسوکارمان دروست ئەکات. هەرچەندە فشارەکە گەورەتربێت کاریگەریە دەرونیەکانیشی زیاتر دەبن.

کاردانەوە دەرونیەکان دەگونجێت نیشانەی جیاواز لەخۆی بگرێت وەک؛ ترس، دڵتەنگی، توڕەبوون، بێ هیوایی، و ناڕێکی خەو و خواردن. بەگشتی کاردانەوە و خۆگونجاندنی کەسەکان جیاوازن لەبەرامبەر فشارەکان، هەنێک لە فشارەکە ڕادەکات یاخود نکۆڵی لێدەکات، و هەندێکی تر ڕوبەڕوی دەبنەوە و هەوڵی خۆپاراستن لێ ی و خۆگونجاندن دەدەن، و ئەم ڕێگەیە شیان ڕێگە دروستەکەیە.

بۆ ڕوبەڕوبونەوەیەکی دروستی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەسەر ئاستی تاک، پێویستە کەسەکە هەوڵی خۆ هۆشیارکردنەوە بدات لە شێوازی خۆپارێزی و پەیڕەوی ڕێنماییەکان بکات، بەمەش هێزێک و متمانە بەخۆبوونێکی پێدەبەخشێت و لەهەمان کاتدا ترسەکەی کەم دەکاتەوە، پاشان دەبێت گرنگی بدات بە خەو و خواردنی ڕێک و وەرزشی بەردەوام، لەگەڵ خوێندنەوە و کاری دەستڕەنگینی. هەموو ئەم کارانە وادەکەن تاک هەست بە دەرونێکی ئارام بکات و بەرگری لەشی بەهێز بێت.

بە پێچەوانەوە، ناڕێکی لە شێوازی دروستی ژیان، پەنابردنە بەر بەکارهێنانی دەرمان بێ ڕێنمایی پزیشک، و  بەدواداچونی بەردەوامی هەواڵەکان، بەتایبەت ئەو سەرچاوانەی ناڕەسمین بۆ مەبەسێکی تایبەتی هەواڵی تۆقینەر و ناڕاست بڵاو دەکەنەوە دەرونێکی نائارام و بارێکی شڵەژان دروست دەکات کە لەڕووی فرمانەوە پەککەوتەیی بۆ کەسەکە دروست دەکات و لەڕوی دەرونیەوە هەست بە توڕەیی، دڵتەنگی، دڵەڕاوکێ و تۆقین دەکات، و هەم لە ڕووی جەستەیشەوە کەسەکە بەرگری لاواز دەبێت.

کەواتە ئەم دۆخەی تێیکەوتووین بەشێکە لە سوڕی ژیان و کۆتایی پێدێت، و دوای ئەم بارودۆخەش بەرزونشێویەکانی ژیان دوبارە دەبنەوە، گرنگ ئەوەیە ئێمە ئەو ئەرکەی لەسەرمانە جێبەجێی بکەین. نە بێباک و کەمتەرخەمبین، خۆمان و کەسانی تر دوچاری گرفت بکەین، و نە هەست بە بێدەسەڵاتی بکەین لەبەرامبەریدا، بەڵکو ئەو هەنگاوانەی دروستن بۆ ڕوبەڕوبونەوەی فشارەکان بگرینە بەر،بۆ زاڵ بوون بەسەر گرفتەکانی ئەم دۆخە نەخوازراوە و   پاراستنی ئارامی دەروونیمان.

 .

 

 

بە هیوای سەلامەتی و دەروندروستی بۆ هەمووان .

 

               د. هێمن فاتیح

             پزیشکی پسپۆڕی دەروونی 


زیاتر ببینه

چارەسەر ی خەمۆکی دوای منداڵبوون
 به‌روار‌  : 27-06-2020

هۆکارەکانی توشبوون بە خەمۆکی دوای منداڵبوون
 به‌روار‌  : 25-06-2020

خەمۆکی دوای منداڵبوون
 به‌روار‌  : 23-06-2020

پەتای وەرزی
 به‌روار‌  : 03-01-2020

سه‌ره‌تا  |  کارمەندى نموونەیی  |  ده‌رباره‌  |  په‌یوه‌ندی
ژماره‌ی سه‌ردان : 617,992     میوان : 88
DESIGNED AND DEVELOPED BY kodtech.net -  COPYRIGHT © 2017 - 2020 BAXSHIN  ALL RIGHT RESERVED