هەموو دایكێكی تێگەیشتوو ئەو ڕاستی یە دەزانێت كە شیری خۆی باشترین و تەندروستترین خۆراكە بۆ كۆرپەكەی , وە ئاشكرایە كە شیری دایك هەموو پێكهاتە خۆراكی یە پێویستەكانی تێدایە بۆ منداڵ بەگشتی و بۆ تازە لەدایكبووان بەتایبەتی. لە بەر ئەو هۆکارانەشە کە لە جیهاندا و لەناوەندە ئەكادیمی و تەندروستییەکاندا زۆر گرنگی بە ڕێنمایی كردنی خانمان دەدرێت بۆ پێدانی شیری خۆیان بە كۆرپەكانیان.
چونكە سەرەڕایی ئەو سودە زۆرانەی شیردانی سروشتی بۆ كۆرپەلە , چەندەها سودی گرنگیشی هەیە بۆ خودی خانمی شیردەر.
لە گرنگترین ئەو سودانەش بریتیین لە :
1. پارێزگاری لە بڕی ئاسنی ناو خوێن دەكات: وەستانی سوڕی مانگانە نزیكەی 4-6 هەفتە دوای لەدایكبوونی كۆرپەلە حاڵەتێكی سروشتی هەموو خانمێكە. بۆ ئەوخانمانەی كە شیری خۆیان بە كۆرپەكانیان دەدەن ئەم حاڵەتە دەبێتە دووهێندەی حاڵەتی ئەوانەی شیرخۆیان نادەن . بە نەبوونی سوڕی مانگانەكەشیان خانمانی شیردەر دەتوانن بڕێكی زۆرتر لە كانزای ئاسن لەخوێنیاندا بپارێزن كە بەهۆی حاڵەتی دووگیانی و لەدایكبونەوە ئەگەری ئەوەیان هەبووە برێكی زۆر لەو كانزایان لەدەستدابێت.
2. پاراستنیان لە توشبوون بە شێرپەنجە: شیرپێدانی سروشتی دەبێتە هۆی كەمكردنەوەی مەترسی توشبوون بە شێرپەنجەی مەمك و منداڵدان و هێلكەدان. توێژینەوەكان ئاماژە بەوەدەدەن كەئەو خانمانەی شیری خۆیان بە كۆرپەكانیان دەدەن بۆ ماوەی 6-24 مانگ ئەوا ئەگەری پارستنیان لە توشبوون بە شێرپەنجەی مەمك لە سەدا 11-25 زیاترە لە خانمانی تر. لە كاتێكدا شێرپەنجەی مەمك دووەم بكوژی ژنانە لە جیهاندا بەگشتی و لە وویلایەتەیەككگرتوەكانی ئەمەریكا بەتایبەتی.
3. دەبێتە هۆی كەمكردنەوەی توشبوون بە نەخۆشی یەكانی دڵ : توێژینەوەكان باس لەوە دەكەن كە ئەو خانمانەی بۆ ماوەی ساڵێك شیردەدەن بە كۆرپەكانیان , مەترسی توشبونیان بە نەخۆشی دڵ لەتەمەنی پیریاندا لە %9 كەمترە لەكەسانی تر. وە مەترسی توشبونیان بە بەرزبونەوەی فشاری خوێن % 12 كەمترە .
4. دەبێتە هۆی كەمكردنەوەی مەترسی توشبوون بە نەخۆشی شەكرە: بەگوێرەی توێژینەوەكان خانمانی شیردەر مەترسی توشبونیان بە نەخۆشی شەكرە 20 هێندە كەمترە لە كەسانی تر.
5. دەبێتە هۆی پاراستنیان لە قەڵەوی: توشبوون بە قەڵەوی و تێكچوونی جەستەی خانمان یەكێكە لەو كێشانەی كە توشیان دەبێت بەهۆی دووگیانی و منداڵبوونەوە, بۆیە بۆ گەڕانەوەی كێشی لەشیان بۆ دۆخی جاران و توش نەبونیان بە قەڵەوی پێویستە شیری خۆیان بە كۆرپەكانیان بدەن بەمەش چەوری زیادەی لەشیان دەتوێتەوە و توشی قەڵەوی نابن.
6. دەبێتە هۆی پاراستن لە توشبوون بەنەخۆشی یە درێژخایا نەکان: شیرپێدانی سروستی یارمەتی خانمان دەدات لەمەترسی نەخۆشی یە درێژخایانەكان بەدوور بن وەك نەخۆشی یەكانی هەوكردنی درێژخایانی ڕیخۆڵەكان, و نەخۆشی بەدهەرسی , و ڕەبۆ.
7. دەبێتە هۆی بەهێزكردنی سیستمی بەرگری لەش: خانمی شیردەرو كۆرپەكەشی دەبنە خاوەن سیتمێكی بەرگری بەهێز بۆ بەرەنگاربونەوەی بەكتریا و ڤایرۆسەكان كە مرۆڤ توشی نەخۆشی دەكەن.
8. دەبێتەهۆی كەمكردنەوەی خەمۆكی : نزیكەی لە % 15 ی خانمان دوای لەدایكبوونی كۆرپەكەیان هەست بە چەند حاڵەتێكی ناخۆشی دەرونی دەكەن , وەك خەمۆكی و بێتاقەتی و بێزاری . بەڵام ئەو خانمانەی شیری خۆیان بە كۆرپەكانیان دەدەن توشی ئەم حاڵەتانە نابن یاخود زۆر بەكەمی توش دەبن.
9. دەبێتە هۆی هەستكردن بە باشی و ئارامی دەروونی: ئەو خانمانەی كە شیری خۆیان دەدەن بە كۆرپەكانیان جەستەیان هۆرمۆنێك دەردەدات بەناوی(oxytocin) كە وادەكات هەست بە ئارامی و پشودان بكەن و تەنانەت بە باشی و ئارامیش بخەون.
پێویستە هەمووان هانی خانمان بدەن تا وشیاری زیاتریان هەبێت و سوربن لەسەر پەیڕەوکردنی شیرپێدانی سروشتی لە پێناو سەلامەتی و تەندروستی خۆیان و کۆرپەکانیان.
تەندروست بن.